بهسهرهات؟
ئەو پارچە كاغەزە سووتاوەی نهێنییەكی ئاشكراكرد

ئێوارەیەكی پاش نوێژی(عیشا) بوو كە(دەشتی) بەخۆی و باوكی و مامە و كەسووكارەكانی تری، لەگەڵ مامۆستایەكی ئایینی، بەرەو ماڵی(شاناز) بەرێكەوتن، بۆ مارەكردنی (شاناز) بۆ (دەشتی) كەگەیشتنە ماڵیان، دوای بەخێرهێنانیان مامۆستا ئایینیەكە هەندێ قسەی شەرعی بۆ كردن.
پاشان كچە و كوڕە بانگ كران و دوو كەسیش لە هەردوولایان كرانە شاهێد و لە ژوورێكدا دانیشتن تا مارەیان ببڕێت.
مامۆستا یەكەمجار رووی قسەی لە(دەشتی) كرد و گوتی:
كوڕم تۆ كە هاتوویت ئەم كچە بخوازیت و بیكەیتە خێزانی خۆت، دەبێ باشت بیر لێكردبێتەوە و تێفكریبیت ئینجا بڕیاری ئەوەت دابێت، دەبێ كچەت لە هەموو روویەكەوە قبوڵ بووبێت، لە جوانییەكەی، لە تەمەنی، لە كەسوكاری، لە رەوشت و ئاكار و هەڵسووكەوت و بیركردنەوەی، بە كورتی لە هەموو روویەكەوە، بۆیەش ئەو قسانەت لێرە بۆ دەكەم، چونكە لە بەرامبەر یەكدین و رووبەرووتانم كردۆتەوە(دەشتی) گوتی: مامۆستا بە هەموو قسەكانت رازیم.
ئینجا مامۆستا رووی قسەی لە (شاناز) كرد و پێی گوت: كچم دەبێ هەر چیم بە(دەشتی) گوت بە تۆشی دەڵێمەوە، رازیت؟(شاناز) گوتی: بەڵێ رازیم، مامۆستا گوتی: كچم هەرچی پێت بكرێت لە پاراستنی ژیانی هاوسەرێتیتان بیكەیت و درێغی لێنەكەیت، ئەوەش بزانە خێزانداری كارێكی گرانە و ئەركێكی قورسە، خۆشی و ناخۆشی زۆری تێدایە، دەبێ بەرگەی هەمووی بگری، لە هەمووشی گرنگتر و لە پێشتر پاراستنی رەوشت و ئابڕوی خێزانە، كەهی هەردووكتانە، كە هەردووكیان سەری ئەرێنیان لە قاند، مامۆستا دەستی كرد بە مارە بڕینی هەردوولا، پاشان لە ژوورە تایبەتییەكە هاتنە دەرەوە و بووە موبارەك بایی و یەكتر ماچ كردن و پاشان شیرینی خواردن و هەلهەلە لێدان، دیار بوو رۆژی گواستنەوەشیان دیاریكردبوو، بۆیە پاش تەواوبوونی مارەكردنەكە، بە دوو هەفتە( دەشتی) ،(شاناز)ی گواستنەوە و بوونە ژن و مێردی یەكتر، نزیكەی مانگێك رەتبوو بەسەر ئەوهاوسەرێتییە، كە(دەشتی) هاتووچۆ كردنی گەنجێكی بە بەردەرگای ماڵەكەیان دەبینی، كە نەجارێك و نە دووان بوو رۆژێك( دەشتی) لە ماڵەوە دەهاتە دەرەوە كە ئەو گەنجە لە پێشی قووت بۆوە(دەشتی) بانگی كرد و لێی پرسی: تۆ چیت لێرە هەیە، ئەوەندە هاتووچۆ دەكەی و سەیری ناو ماڵان دەكەی، گەنجەكەش گوتی: وەڵڵا هیچم نییە و ماڵمان لەو سەری كۆڵانە و رێگەم لێرەیە، بۆیە بێرە دادێم و سەیری ناوماڵانیش ناكەم.. كە گوتی ماڵمان لەو سەری كۆڵانە (دەشتی) وازی لێهێنا و رۆیشت.
(شاناز) لە ژوورەوە گوێی لە گفتوگۆی نێوان مێردەكەی و كوڕەكە بوو، یەكسەر هاتە دەرەوە و پرسی ئەوە چییە؟ (دەشتی)یش گوتی: هیچ گوتم بزانم ئەو كوڕە بۆچی هێندە بەم كۆڵانەدا هاتووچۆ دەكات(شاناز) یش گوتی: جا بە تۆچی، خۆ ئێمە بەرپرسی هاتووچۆی خەڵك نین، بڕۆ سەركارت و هەقت بەسەریەوە نەبێ، چ كارمان بە خەڵكییە؟ (دەشتی) رۆیی، دوای چارەگە كاتژمێرێك كوڕە پەیدا بۆوە و كاغەزێكی وەك چووكلێیت هاوێشتە ماڵی(دەشتی) و لێیدا رۆیشت، كە (شاناز) كاغەزەكەی كردەوە و تیایدا نووسرابوو:(خاوەن حەوت كۆش منداڵیش بیت، هەر چاوەڕێتم)،(شاناز) بزەیەكی هاتێ و كاغەزەكەی سووتاند و چۆوە ژوورەكەی.
گومانكردن لە(شاناز)
(دەشتی) چەند جارێك رێكەوتی ئەو كوڕەی كردەوە و بەڕاستیش لێی كەوتە گومان، دوای ئەوەی وردە چاودێرییەكی كرد، بەڵام سەرەتا ویستی بزانێ بۆ كێییە هاتووچۆكەی، پرسیاری لە ماڵە دراوسێیەكانی كرد بەڵام بۆی دەركەوت زۆربەی ماڵەكان ئەسڵەن كچی جاحێڵیان هەر نییە، چەند جارێك مەسەلەكەی هەڵسەنگاند، نەدەگەیشتە هیچ بڕیارێك و سەرە داوێك، تالەیەكێ لە جارەكان لەسەری كۆڵانەكە بوو كە بینی كوڕەكە لە نزیك دەرگای ماڵەوەیان شتێكی فڕێ دایە ناو ماڵیان ، كوڕەكە و(دەشتی) لێك نزیك بوونەوە، كوڕە لە ترسان رەنگی وەك پەلكە پیازی لێهاتبوو،(دەشتی)یش ئاگری غەزەب لە چاوی دەباری، كوڕە چاوەڕێی ئەوەبوو تووشی گێڕمە و كێشەبێ، بیری لە چۆنییەتی خۆدەرباز كردن لە كێشەی داهاتوو دەكردەوە، بەڵام سەیری پێهات دیتی( دەشتی) هەر خۆشی تێنەگەیاند و وەك ئەوەی هیچ نەبوو بێ بەلای دا رەت بوو و رۆیشت، كوڕە ئەوەی بە چاوی خۆی دیتی باوەڕی نەكرد، لەو سەری كۆڵانەكە، میدالیایەكی لە دەست بوو، فڕێی دایە سەر زەوییەكە وەك ئەوەی لە دەستی بەربووبێتەوە، هەڵیگرتەوە و لەگەڵ هەڵگرتنەوەی ئاوڕێكی دواوەی دایەوە و دیتی (دەشتی) زۆر بەشێوەیەكی ئاسایی چووە ماڵی خۆیان، ئیتر ئەویش هەناسەیەكی ئاسوودەیی هەڵكێشا و لێیدا و رۆیشت، بەڵام (دەشتی) لە دڵی خۆیدا نەخشەیەكی وردی چاودێری كردنی كێشابوو، بۆیە نەیهێشت، بای تۆزقاڵێكیش(شاناز) هەست بە گومانكردن و چاودێریكردنی ئەو بكات(دەشتی) چاوێكی وردی بە پەنهانی بەناو حەوشە و ژوورەكان و بەر هەیوانەكەو دواتر سەبەتەی زبڵیش گێڕا، دیتی كاغەزێك لە ناو سەبەتەی زبڵ سوتێنراوە، پاش ئەوەی كە زانی شاناز غافڵ بووە پاشماوەی سووتاندنەكەی هەڵگرت، تەنیا یەك دوو پیتی تێدا بە سووتێنراوی مابوو، پیتەكان هیچ مانایەكیان نەدەدا، بەڵام تۆوی گومانێكی قوڵیان لە دڵی(دەشتی) چاند.
بینینی هەردووكیان بەیەكەوە
(دەشتی) وای پێ چاك بوو،(باوكی) ئاگاداربكاتەوە مەسەلەكەی پێ بڵێ، دوای تاوتوێكردنی مەسەلەكە هەردوولا گەیشتبوونە ئەو بڕیارەی ئەگەر بە بەڵگەوە دەركەوت ئەو ژنە شتێكی هەیە، بێ گەورەكردن و كێشە دروستكردن تەڵاقی بدات و دەستی لێ بدات(بۆیە(دەشتی) بەردەوام بوو لەسەر چاودێری كردنی ژنەكەی، یەك دوو رۆژ لەسەری كۆڵانەكە رادەوەستا و دوور بە دووری چاودێری ماڵی خۆیان دەكرد تا كوڕەكە دەهات، سێ چوار رۆژ بەردەوام چاودێری دەكردن، رۆژێك كوڕە پەیدابوو، كە گەیشتە نزیك ماڵەكەیان چووە بەردەم دەرگا و سەیرێكی ئەملا و ئەولای خۆی كرد و پاڵێكی بە دەرگاوە ناو چووە ژوورەوە(دەشتی) یش چاوەڕێی كرد، بزانێ كوڕەكە دێتە دەرەوە، نزیكەی نیو كاتژمێر لە ژوورەوە مایەوە، ئینجا دەرگا كرایەوەو(شاناز) لە دەرگاكە هاتە دەرەوە، سەیرێكی ئەملا و ئەولای خۆی كرد كە دیتی كەس لە دەرەوە نییە، ئاماژەیەكی بۆ كوڕەكە كرد و ئەویش هاتە دەرەوە و لە چاوتروكانێكدا لە كۆڵانەكە دەرباز بوو، دوای ئەم دیمەنە(دەشتی) ئاگاداری باوكی كردەوە، گفتوگۆیەكی دوور و درێژیان لەو بارەیەوە كرد دەشتی كە چاودێریكردنی(شاناز) بەردەوام بوو، سێ رۆژ دواتر كوڕەكە هاتەوە كۆڵانەكە و ئەو جارەش رێك بۆ ماڵی (دەشتی) پاش پێنچ خولەك(دەشتی بڕیاریدا بڕوا بەسەریاندا بدات، ئەوە بوو بەپەلە رۆیشت و كلیلی دەرگاكەی دەرەوەی دەرهێنا و بەهێواشی بۆ ئەوەی دەنگی نەیەت، دەرگاكەی كردەوە و لەگەڵ قرچەی دەمی قفڵی دەرگاكە كە دەنگێكی لێوەهات، بە پەلە پاڵێكی بە دەرگاكەوە ناو چووە ژوورەوە، دەرگاكردنەوە و پاڵ نانی بەهێزی دەرگاكە(شاناز) و كوڕەی هۆشیاركردەوە، بەسەر پەیژەكانی ماڵدا دەرپەڕی و خۆی قوتار كرد(دەشتی) كەوتە سەر(شاناز) تا شەكەت و هیلاك بوو لێیدا، ژنە لەگەڵ لێیدان لەهۆش خۆی چوو،(دەشتی) تەلەفۆنی بۆ باوكی و ماڵی بابی ژنە كرد كە( دەشتی) بەسەر هەردووكیانی دادا،(شاناز) ئەو كراسەی كە لەبەری بوو، دایكەندبوو، تەنیا(ستیانی) لەبەردا مابوو، بۆیە هەر بەو حاڵەتەوە هێشتبوویەوە و نەیهێشت كراسەكەی لەبەر بكات، ئەو كاغەزەش كە سووتاندبووی، خۆڵەمێشەكەی هەڵگرتبوو، باوكی(دەشتی) بەرامبەر رووداوەكە سەرسام نەبوو، چونكە پێشتر (دەشتی) ئاگاداری كردبۆوە، كەچی باوكی(شاناز) كە چاوی بە وەزعەكەی كەوت، بە( دەشتی) گوت: بۆچی نەتكوشت، بۆچی وەهات هێشتەوە و كردتە لەكە بەسەرمانەوە ئینجا(شاناز) دەستی بە گریان و پاڕانەوە و سكاڵاكردن كرد و بە باوكی گوت كە(دەشتی) بوختانی پێدەكات، ئەوە وایكرد جۆرە گومانێك لای باوكی( شاناز) دروستبكا) یان راستتر وایە بڵێین جۆرە گومانێكی لە راستی قسەكانی (دەشتی) نیشان دا باوكی(دەشتی) نەیهێشت مەسەلەكە لە دەست خۆیان دەربچێت گوتی: فڵان كچی خۆت ببەوە و هەر كەسە لە ماڵی خۆی دابنیشێت و وەك ئەوەی هیچ رووینەداوە نە ئێوە باسی مەسەلەكە بكەن نە ئێمەش، با( شاناز) لە مارەیی پاشەكی و ئەو شتانە خۆشبێت و ئەگەر كەوچكێكی لە ماڵی باوكی هێناوە، با بیباتەوە دوای چەند رۆژێك هەردوولا لەسەر ئەو شتانە رێككەوتن و(دەشتی) پارێزەرێكی گرت و داوای پەسەندكردنی تەڵاقی پێشكەش بە دادگا كرد، و دادگاش پەسەندی تەڵاقی ئارەزوومەندانەی هەردوولای كرد و كێشەكەیان بڕاندەوە.باجی خیانەتی دایك